لەم مانگە پڕ بەرەکەتەدا، بەبۆنەی لەدایک
بوونی پێغەمبەری هەڵبژێردراومان (صلى الله عليه وسلم)، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی موسڵمانانی جیهان دەکەین. لەدایک بوونی ئەم سەرکردەیەی مرۆڤایەتی ڕووداوێکی ئاسایی لە مێژوودا نەبووە؛ خاڵی وەرچەرخانێک بوو کە ڕەوتی بیرکردنەوە و ڕەفتارو سلوکی تاکی گۆڕی، بناغەکانی دادپەروەری و بەزەیی لە کۆمەڵگاکاندا دانا. لەدایکبوونی ڕوناکییەک بوو بۆ مرۆڤایەتی، چرایەک بوو کە ڕێگای بەها و بنەماکانی ڕووناک دەکردەوە؛ ڕەحمەتێک بوو بۆ جیهانەکان و بانگهێشتێک بوو بۆ ڕاستودروستی و چاکە بە درێژایی سەدەکان.
ڕۆژی پێنجشەممە 12ی ڕەبیع الاول یادی ئەو ڕووداوە گرنگە دەکەینەوە کە ڕێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕی. سەرەتای بەئاگابوونەوەیەکی گشتگیر بوو، کە لە تاریکی نەزانی و جیاکاری و ستەمەوە بەرەو ڕووناکی دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی برد.
پێغەمبەر محمد (صلى الله عليه وسلم) هەر لە یەکەم ساتەکانی پێغەمبەرایەتییەوە بەها و شەرەفی ژنانی ڕاگەیاند و پێگەی سووکایەتی پێکراویان بەرزکردەوە و مافی ژیان و هەڵبژاردن و کەرامەتی پێبەخشین. بە ئازادکردنی کۆیلەکان لە زنجیرەکانیان، بەرەبەیانی ئازادیی دەستپێکرد، جەختی لەسەر یەکسانی هەموو مرۆڤەکان و باڵادەستی عەرەبێک بەسەر فارسێکدا تەنها لە ڕێگەی تەقواەوە دەکردەوە. ئەم بنەمایانە تەنیا دروشم نەبوون؛ شۆڕشێکی مرۆیی بوون لە دژی ستەم و ستەمکاری، پەیامێکی هەمیشەیی دادپەروەری و یەکسانی بوون.
ئەمڕۆ دوای چەندین سەدە، زیاتر لە جاران پێویستمان بە شۆڕشێکی هاوشێوە هەیە کە ئازادی و کەرامەت بۆ مرۆڤایەتی بگەڕێنێتەوە و زنجیرەی ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بشکێنێت و ماف بە ژنان و هەموو گەلان ببەخشێت و کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤایەتییە دەستبەسەرداگیراوەکەی. ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی لەدایک بوونی پێغەمبەرمان تەنها لەڕێگەی ڕێوڕەسمی ئایینیەوە بەدی نایەت؛ هەروەها تەواو دەبێت بە پابەندبوون بە ڕۆحی چاکسازییەکەی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی لە دژی هەموو جۆرە ستەمێک و زیندووکردنەوەی بەهاکانی دادپەروەری و ڕەحم و ئازادی کە هێناویەتی.